سه‌ره‌تا
پۆستی ئه‌لیکتڕۆنی
ئه‌رشیڤ
هاوڕێیان
ده‌رباره‌ی من :: دۆستان :: خه‌په‌گیان
تاراوگه
که‌زوان
ره‌وگه
نه‌که‌ڕۆز
په‌یڤ
هه‌وارگه‌ی عاشق
ڕه‌شماڵ
عبدالعزیز مولودی
ده‌نگی ژن مافی منداڵ
ئه‌مین گه‌ردیگلانی
مه‌نسوور سۆفی
په‌یامی بۆکان
راه ارتباطات
قادر وریا
عه‌لی گوڵی
unpo
:: لۆگۆی دۆستان ::

RSS
جێگه‌ی زمان و ڕامان له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا
زمانی زگماكی دیارده‌یه‌كی ده‌ره‌كی نییه، مرۆڤ به زمانه‌وه دێته سه‌ر گۆی زه‌وی و له زماندا سه‌یر ده‌كات و له چوارچێوه‌ی زمانی خۆشی‌دا هه‌ناسه ده‌كێشیَ، هه‌ڵده‌دا و له ئاكامیشدا ده‌مرێت. زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێوانه‌ی بوونی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه له گه‌ردوندا، واتا بۆ ناسینی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بێت زمانی بناسیت.
به‌پێی ئاسایی‌ترین پێناسه، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه كه بیرده‌كاته‌وه و ڕامان و هزری خۆی له ڕێگای زمانه‌وه بۆ غه‌یری خۆی ده‌گوازێته‌وه. زمان وه‌كو كه‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه له لێكدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی هه‌ر تاكه‌كه‌سێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك وه‌ك یه‌كه‌م پله‌ی گرنگایه‌تی ڕۆڵ و ئه‌رك ده‌گێڕێت. له ڕاستیدا زمان پێوانه و شوێنگه‌ی ڕامانه و له شێوه‌ی جۆربه‌جۆری نووسین، زاره‌كی و فۆلكلۆر دێته سه‌ر گۆی زه‌وی و ڕۆڵی تاك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ده‌وره‌كانی جیاوازی مێژوویی و زه‌مانی جۆراوجۆردا بۆ خه‌ڵكی دیكه و نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌نه‌خشێنێت.
زمانی زگماكی یه‌كه‌م سه‌رمایه‌ی به‌نرخی هه‌ر مرۆڤ یان نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه كه‌سایه‌تی و بوونی مرۆڤ یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی پێناسه ده‌كات. به‌پێی ئه‌م پره‌نسیپه سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تیه‌ی زمان‌ناسی كۆمه‌ڵایه‌تی كه "زمان گه‌وهه‌ری ڕامانی مرۆڤه"، كه زمان ته‌نیا نووسراوه‌یه‌كی بێ گیان و نیشانه و نهێنی گه‌لی بێ گیان نییه، به‌ڵكو زمان بنه‌مای گشتی و سازكه‌ر و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بزوێنه‌ری پێكهاته هزرییه‌كانی مرۆڤه. به ئاسانی و به ئاسایی ده‌توانین ئاماژه‌بكه‌ین كه له ناسینی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا به‌تایبه‌ت له جیهانی پێكه‌وه‌لكاوی ئێستاكه‌دا تایبه‌ته‌مه‌ندی و كاره‌كته‌ری تاكه‌كه‌سی و نه‌ته‌وه‌یی به‌هۆی زمان پێناسه ده‌كرێت.
هه‌رچی زیاتر چالاكی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئازاد و ئاشتیخوازانه‌تر بێت و هه‌رچی ئه‌م زمانه بتوانێت له چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیدا به ئازادی و ئاسوده‌ییه‌كی زیاتره‌وه هه‌ناسه بكێشێت، بخوڵقێنێت، هه‌مان تاك یان نه‌ته‌وه له ژیان و شوێنی مێژوودا و له بڕگه‌كانی مێژوودا ده‌توانێ په‌نجه‌مۆری خۆی له‌سه‌ر ڕووی مێژوو بدات و درێژه به ژیانی خۆی بدات. جێگای زمانی زگماكی له ناسینی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك لێره‌دا وه‌ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و زمانه به شیَوهی نه‌وه دوای نه‌وه بێژه‌ر و نیشانده‌ری بنه‌مای مرۆڤناسانه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وییه و به‌م بۆنه‌یه‌ش پارێزگاری له زمانه‌كانی گه‌ردون بۆته یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. گرنگایه‌تی دانانی ڕۆژێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جیهانی ڕێزنان له زمانی زگماكی له‌لایه‌ن "یونیسێف"ه‌وه له‌وه سه‌رچاوه ده‌گریَت كه ئابووری گلۆبال و زمانه زاڵه‌كانی ئێستاكه‌ی جیهان، بوونی ئه‌و زمانانه‌ی كه خراونه‌ته‌وه په‌راوێزی ژیانه‌وه، خستۆته مه‌ترسییه‌وه.
له باسی كه‌سایه‌تی‌ناسی و ناسینی مرۆڤ، زمانی دایكی جێگه‌ی یه‌كه‌م به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت. زمانی زگماكی و زاڵبوون به‌سه‌ریدا چه‌شنێك هێزی ڕۆحی و ده‌روونی به مرۆڤ ده‌دات و كاتێك كه زمانی زگماكی ده‌بێته زمانی سه‌ره‌كی په‌روه‌رده، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب و ژیان، هه‌مان نه‌ته‌وه له لێكدانه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌كانیدا و له هێنانه‌گۆڕێی نوێگه‌ری و ئافراندن و له نووسین و به‌هێزكردنی كه‌سایه‌تی مێژوویی خۆی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و به‌ره‌وپێش ده‌چێت.
به‌پێی په‌یوه‌ندییه‌ك كه زمان له‌گه‌ڵ ڕامان هه‌یه‌تی و زمانیش شتێكی گشتی و تێكه‌ڵه كه سه‌رچاوه‌ی هزر و بیر و شوێنگه‌ی هه‌سته‌كانی هه‌ر تاكه‌كه‌س یان نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه هه‌رچه‌شنه كه‌مته‌رخه‌می و گرنگایه‌تی پێنه‌دان به زمانی زگماكی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، چه‌شنێك كوشتنی ئهندیَشه و سه‌ركوتی كه‌سایه‌تی و نه‌هێشتنی بوون و ژیاری هه‌مان تاكه‌كه‌س یان نه‌ته‌وه‌یه كه ئه‌م شێوازه ئاسایی و ئاشكرایه مێژووی ژیاری مرۆڤیش به شێوه‌یه‌ك ئازار ده‌دات.
بۆ ده‌رككردنی زیاتری جێگه‌ی زمانی زگماكی و شوێنی زمان له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێننه به‌رچاو كه له وڵاتێكی چه‌ند كولتووریدا ده‌ژیت و زمان ئه‌م به‌ڵگه‌ی ڕاگه‌یه‌نه‌ری نه‌ته‌وایه‌تی، بخرێته په‌راوێزه‌وه، واتا به‌پێی هه‌ڵوێستی هێزبه‌ده‌ستتان ناڕه‌سمی و ته‌ریك و وه‌دواخراو چاوی لێبكرێت. له‌م دۆخه‌دا تێده‌گه‌ن كه ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ڕووی مێژوویی خۆی چۆن له ئاوێنه‌ی سه‌رده‌مدا نیشابدات. به‌پێی ئه‌م پره‌نسیپه كه مرۆڤ له سه‌رده‌مدا ده‌ژیت و ته‌نانه‌ت زاراوه‌گه‌لی جۆربه‌جۆر خۆی چه‌شنێك نیشانده‌ری شێوه‌كانی ژیانی، مێژوویی، كه‌له‌پووری، ئابووری و سیاسییه، نایاسایی یان قه‌ده‌غه هێشتنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له ڕاستیدا به چه‌شنێك كوژاندنه‌وه‌ی ڕامان و كوشتنی كه‌سایه‌تی و نه‌هێشتنی بوونێكی چالاكانه و به‌ویستی ئه‌و تاك یان نه‌ته‌وه‌یه. زمان له‌گه‌ڵ ئێمه له‌دایك ده‌بێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه بمانه‌وێت فێری ده‌بین، زمانی زگماكی كه له ڕێگای شیری دایك و په‌یوه‌ندی ژێنێتیكی له مرۆڤێكدا دێته دی، ته‌نیا كه‌ره‌سه‌ی وتووێژ نییه، زمانی زگماكی ئامێرێكی ده‌ره‌كی نییه كه تاكێك فێری بێت، زمانی زگماكی ده‌ره‌كی نییه كه بۆ تاكه‌كه‌س نامۆ بێت. زمانی زگماكی پێوانه‌ی بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه تێیدا له‌دایك ده‌بێت و باڵا ده‌كات، زمانی زگماكی له به‌ش به‌شی جه‌سته‌ی مرۆڤدا نیشته‌جێیه و واژه‌كان و ده‌نگه‌كان و چه‌شنی واتاكان هه‌مووی له‌گه‌ڵ مرۆڤ له‌دایك ده‌بن. بۆیه باشتره كه ئێمه‌ش هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ "گادامێر" زمان‌ناسی به‌ناوبانگی پۆلۆنی بڵێین "زمان وه‌كو جیهان هه‌ر دووكیان پێش ئێمه بوونه و ئێمه له‌واندا له‌دایكبووین، هیچ كامیان تازه نین بۆ ئێمه".
گادامیَر له وتاری گرنگی خۆیدا له‌ژێر ناوی "مرۆڤ و سه‌رده‌م" (1966) جێگه و شوێنی زمان به‌و شێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت:
"ده‌رككردنی ئه‌م خاڵه كه ئاسۆی ئه‌مڕۆكه بێ ئاسۆی ڕابردوو بوونی نییه، به واتای دان پێداهێنان به‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه زمان نیشانه و مۆری ڕابردوو به‌سه‌ر ئهمرِۆكهدایه، به واته‌یه‌كی دیكه زمان ژیانی ڕابردوو له ئێستاكه‌دایه، به‌و پێیه‌ی كه ئاسۆی بیركردنه‌وه‌مان له زمانێكدا كه به‌كاری ده‌هێنین، خۆی ده‌نوێنێت، ئه‌گه‌ر وابێت هه‌میشه ئێمه جیهانی خۆمان له زمان و به چه‌شنی زمانه‌وانی ده‌بینینه‌وه و ده‌یناسینه‌وه. واژه و واتای ئاشكرا و ڕاسته‌قینه‌ی زمان و ڕاستی له یه‌كتر جیانابنه‌وه و كه‌موكوڕِییه‌كانی زانستی ئێمه، كه‌موكوڕی ئه‌و زمانه‌یه كه كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرین. ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كمان جگه له زمانی خۆمان له‌گه‌ڵ جیهاندا نییه، كه له دواییدا بتوانین به یارمه‌تی ئامێری زمان ڕایبگه‌یه‌نین. جیهانی ئێمه هه‌ر ئه‌م زمانه‌یه. زمان به هیچ شێوه‌یه‌ك ئامێر یان كه‌ره‌سه‌یه‌ك نییه، ماهیه‌تی ئامێر ئه‌وه‌یه كه دوای كه‌ڵكوه‌رگرتن و به‌كارهێنان، وه‌لای ده‌نێین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ واژه‌كانی زماندا ناتوانین ئاوا بكه‌ین."
به هیَنانه گۆڕێی وێنه‌یه‌ك ئه‌م ڕاستییه ڕوونتر ده‌بێته‌وه، كاتێك ده‌چیته گه‌ڕه‌كی چینییه‌كان یان شارێك كه عه‌ره‌بن ئیتر ڕواڵه‌تی ئه‌و شاره و ڕاستینه‌ی دانیشتوانی ئه‌و شوێنه چینی یان عه‌ره‌بییه. ئه‌م ڕاستییه جیا له ژیانی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه نییه، ئه‌گه‌ر زمان و كه‌له‌پوری ئه‌وان یاسایی بێت یان نایاسایی، ڕه‌سمی بێت یان ناڕه‌سمی، به وته‌یه‌كی ساكارتر له‌گه‌ڵ ژیان و كه‌سایه‌تی و بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانرێت فه‌رمانده‌رانه هه‌ڵسوكه‌وت بكرێت. بۆچی؟ چونكه زمان جیا له ژیان و هه‌مان تاكه‌كه‌س یان نه‌ته‌وه نییه، مرۆڤ زمانه‌كه‌ی گه‌مارۆی ده‌دات، زمانی زگماكی كه له گه‌وهه‌ری تاك هه‌ڵده‌قوڵێت و ئه‌ندامێكی ئاشنانه‌یه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به زمانی خۆی جیهان ئیمزا ده‌كات و لێكیده‌داته‌وه. له ڕاستیدا بۆ ناسینی بوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندی و ئاست و پانتای پێوه‌ندی ئه‌و له‌گه‌ڵ زمانه‌كه‌ی و زاراوه‌كانی به‌ده‌رده‌كه‌ویَ.
دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه زمانی زگماكی دیارده‌یه‌كی ده‌ره‌كی نییه، مرۆڤ له‌گه‌ڵ زمانی له‌دایك ده‌بێت و له زمانی سه‌یر ده‌كات و له سنووری زمانی خۆیدا هه‌ناسه ده‌كێشێت و گه‌وره ده‌بێت و ده‌مرێت. زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێوانه‌ی بوونی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌سه‌ر گه‌ردون. واتا بۆ ناسینی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بێت زمانی بناسین، ئه‌گه‌ر وابێت زمان هه‌وێنی بوونه بۆ ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك. ئێمه ناتوانین كه‌سێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێ زمانی ئه‌و كه‌سه یان نه‌ته‌وه‌یه بناسین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌مان تاكه‌كه‌س یا نه‌نه‌ته‌وه له زمانه‌كه‌ی دوورخرابێته‌وه. به‌پێی ئه‌وه كه زمان بنه‌مای ئافراندنی واتاكانه و ڕامان و ئهندیَشهش له زاتی خۆیدا پرۆسه‌یه‌كه له كرده‌وه‌ی زمان. لێره دایه كه به جێگا و گرنگایه‌تی زمان ده‌گه‌ین.
گرنگایه‌تی پێدان له لایه‌ن "یونیسێف"ه‌وه به‌زمانی زگماكی، سه‌رچاوه هه‌ر له‌و بایه‌خه ده‌گرێت، چونكه ژیاری مرۆڤ له پێناسه‌كردنی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان چه‌شنێك ناسینی زمانناسانه‌ی هه‌یه.
بۆ من وه‌ك توركێكی ئازه‌ربایجانی هه‌رچه‌ند ئه‌م وتاره به فارسی ده‌نووسم، جیهانی واتا و هه‌سته‌كانم به زمانی زگماكی واتای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه. به وته‌ی نووسه‌رێكی خه‌ڵكی توركیا "گوڵه سووره‌كانی توركیا" له گوڵه سووره‌كانی ئه‌لمانیا سوورترن. لێره‌دا وشه‌ی "قیزل گول" و تێگه‌یشتن و هه‌ست پێكردنی كه توركێك لێی هه‌یه‌تی له‌هه‌مبه‌ر ڕۆزی سووری ئینگلیزی كه به وشه‌یه‌ك ده‌ریده‌بڕن، گه‌لێك جیاوازه.
له ده‌رككردنی چه‌مك و پێگه‌ی زمان له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه لكاندنی وشه‌ی ڕه‌سمی یان ناڕه‌سمی به‌سه‌ر زمانی نه‌ته‌وه‌كاندا كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌سه‌پێنرێت، ده‌بێ زیاتر لێی وردببینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆ هه‌ر تاك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانی زگماكی زمانی ڕه‌سمییه، واتا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه له‌دایك بووه و ئه‌و زمانه گه‌مارۆیداوه، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانی خۆی زمانی ڕه‌سمییه، چونكه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به زمانی خۆی به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی و ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ جیهان په‌یوه‌ندی ده‌گرێ و بیرده‌كاته‌وه. واتا ده‌ئافرێنێت و جێ شوێن به‌جێ دێڵێت. زمان شتێكی زیندووه و هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ژیان ده‌باته سه‌ر و ده‌چێته پێش. بێهیَزی یان به‌هێزی زمانه‌كان یان دانانی ئه‌وان له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و مرۆڤناسی باس و بابه‌تێكی دیكه‌یه. گرنگ ده‌رك پێكردنی پله و گرنگایه‌تی هه‌ر زمانیَك له كۆمه‌ڵگا دایه. تێگه‌یشتنی ئه‌م خاڵه كه زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ڕۆح و ده‌روونی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌وه په‌یوه‌سته، زۆر گرنگه. هه‌رچه‌شنه كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌م یاسایه له ڕاستیدا پێشێلكردنی مافی سه‌ره‌تایی نه‌ته‌وه و له ئاكامدا زیانێك بۆ جه‌سته‌ی ژیاری مرۆڤه.
بۆیه بایه‌خ پێدان به بوونی هه‌ر تاكه‌كه‌س یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له پله‌ی یه‌كه‌مدا ڕێزدانان بۆ زمان و شوێنه‌واری زمانه‌كه‌یه‌تی كه ئه‌وه‌ش ڕۆڵی یه‌كه‌می هه‌یه، چونكه بۆ به‌هێزكردنی هه‌ر نه‌ته‌وه یان تاكه‌كه‌سێك ده‌بێت له‌گه‌ڵ هزر و ئاوات و ئافراندراوه‌كانی ئاشنا بیت و پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه و ئافراندنه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه گرنگ بێته به‌رچاو. ئه‌گه‌ر وابێت كاتێك كه زمانێك ده‌كه‌وێته نێو دۆخی داخران یان شێوه و باری چالاكی زمانه‌كه، كۆسپی بۆ دێته پێش، واتاكان و چه‌مكه‌كان و پرۆسه‌ی ئافراندنی ده‌قه‌كان تووشی كۆسپ ده‌بن و كۆمه‌ڵگا له پێوانی ڕه‌وتی سروشتی خۆی ده‌چێته ده‌رێ و به‌رهه‌می ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ش بێهێزكردن یان به واتایه‌كی دیكه نه‌مانی چالاكی هه‌مان نه‌ته‌وه‌یه و هه‌ر به‌و پێیه‌ش كه زمان چه‌شنێك سه‌نه‌دی پێناسه و نیشانه‌ی نووسراوه و كاراكته‌ری مێژوویی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌هۆی ته‌وژم یان به‌هه‌ر هۆیه‌كی دیكه، بۆ وه‌لاوه‌خستنی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به چه‌شنێك ژیان و كه‌سایه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه گۆج ده‌بێت، نه‌ته‌وه یان تاكه‌كه‌س نه‌خۆش و داماو و كه‌م نرخ ده‌بێت. بۆ وێنه‌ی مێژوو ده‌توانین ئاماژه به هیندستانی ده‌ورانی ژێرده‌سته‌ی ئینگلستان و ئه‌فریقای باشووری كاتی ئاپارتاید بكه‌ین. بریتانیای داگیركه‌ر له هیندستان بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی پێوه‌نده‌كانی داگیركه‌ری، زمانی سه‌دان میلیۆن مرۆڤی كرده نیشانه بۆ پێكانی و له ده‌ورانی ئاپارتایدی رژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستیش بۆ وێنه "دكلرك" زمانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك نایاسایی كرا. به گه‌مارۆدان یان به‌ربه‌ستكردنی زمان له ڕاستیدا په‌یوه‌ندی ئه‌و خه‌ڵكه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه ده‌بڕدرێت و ئافراندنی زمانه‌وانی كه به‌ڵگه‌ی كه‌سایه‌تی و بوونی شارستانییه‌تی هه‌ر كهسیَكه، داده‌خرێت. به‌ڵام مێژوو سه‌لماندویه‌تی كه نه زمانه‌كانی خه‌ڵكی هیندستان فه‌وتان و نه زۆرینه‌ی ڕه‌شپێستی ئه‌فریقای باشووریش، له‌به‌ر ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌گه‌زپه‌رست له گه‌ردون سڕانه‌وه.
ئهمرِۆ درووست یه‌ك ده‌یه له ڕووخانی ئاپارتاید تێپه‌ڕ ده‌بێت و نێوی "نیلسۆن ماندیَلا" وه‌ك هه‌میشه به‌سه‌ر دوندی مێژوودا ده‌دره‌وشێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و له گوندێكدا ژیانێكی زۆر ساكار، به‌ڵام به‌نرخی هه‌یه، ئه‌و به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی دیموكراتیك و ئاشتیخوازانه، پرۆسه‌ی زیندوكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خه‌ڵكی ئه‌فریقای باشووری ئاسان كرد، چونكه زمانی زگماكی زمانی سه‌ره‌كی و زمانی سه‌ره‌تایی هه‌ر تاكه‌كه‌س یان نه‌ته‌وه‌یه‌كه، كه هه‌میشه زیندوو و ڕه‌سمی و چالاكانه ده‌جووڵێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه زمان دیارده‌یه‌كی ده‌روونییه.
له نووسینی: حمید دادیزاده تبریزی
وه‌رگێڕ له فارسییه‌وه: كاوه ئاهه‌نگه‌ری - بلژیک
* سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی اخبار روز